هاووڵاتییەکی شنۆیی پاش بڕانەوە حوکمەکەی، بۆ زیندان گوازرایەوە

11:09 - 5 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شنۆ پاش بڕینەوەی حوکمی دەسبەسەرکردنی و بۆ جێبەجێ کردنی حوکمەی، ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٣ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "شەفیع فەقیزادە"، پاش بڕینەوەی حوکمی دەسبەسەرکرانی، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانی بوونەکەی، ڕەوانەی زیندانی شنۆ کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی ڕابردوودا، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن دادسەرای گشتی و ئینقلابی شنۆوە بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری و پێنج ساڵ زیندانیی هەڵپسێردراو مەحکووم کراوە.

پاش ناڕەزایەتی دەربڕینی ئەو هاووڵاتییە کوردە سەبارەت بە حوکمەکەی، ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، بۆ چوار ساڵ زیندانیی تەعزیری و ٥ ساڵ زیندانیی هەڵپسێردراو، گۆڕدرا.

"شەفیع فەقیزادە" مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٦ بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو، "ئەبووبەکر میناپاک"، "کوروش عەزیزی"، "یووسف ئەحمەدی"، "محەممەدئەمین قازی" و "کامیل ئەحمەدی خانلەری"، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانی بوونەکەیان ڕەوانەی زیندانی شنۆ کران.