هاووڵاتییەکی شنۆیی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا

13:33 - 23 جۆزەردان 2722

ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "خەلیل عەینی" خەڵکی گوندی "سینگان" سەر بە شاری شنۆ، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرا و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان خستەووەتە ژێر گوشارەوە کە کوڕەکەی "سدیق عەینی" کە لە دەرەوەی وڵات دژی، بگەڕێنێتەوە بۆ ئێران.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "لە یەک مانگی ڕابردوودا، ئەمە چوارەمین جارە خەلیل عەینی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ دەکرێت".

ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی پووشپەری ساڵی ١٤٠٠، "سدیق عەینی" زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی زیندانی ئەردەبێڵ پاش پێدانی مەرەخەسی، زێدی خۆی بەجێ هێشت.

١٩ی ڕێبەندانی ٩٦، ئەو زیندانییە سیاسییە کە لە دادسەرای نیزامیی ورمێدا بە تۆمەتی "سیخوڕی لە ڕێگەی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ١٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو، بە پشتڕاستکردنەوەی ئەو حوکمە لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە، لە زیندانی ورمێ بۆ زیندانی ئەردەبێڵ دوور خرابووەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە ٢١ی گەلاوێژی ٩٦، لەلایەن ئیتلاعاتی سپا دەسبەسەر و پاش کۆتایی ماوەی لێپرسینەوەکەی ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرابوو.