هاووڵاتییەکی شنۆیی، بەشێوەی گوماناوی گیانی لەدەست دا/ فەرماندەری سوپا هەڕەشەی کوشتنی لێکردبوو

21:23 - 19 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ، کە پێشتر لەلایەن فەرماندەری سوپای پاسدارانی ئەو شارەوە هەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٩ی پووشپەڕ، تەرمی لاوێکی تەمەن ٣٢ ساڵەی کوردی خەڵکی گەڕەکی \"سەیداوێ\"ی شنۆ لە نێو باخێکی نزیک گەڕەکی \"سەیداوێ\"دا دۆزرایەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، ئەو لاوە کوردە ناوی مستەفا ریز و کوڕی رەسووڵ بووە، کە بە شێوەی گوماناوی گیانی لەدەست داوە.

\"21104.jpg\"
مستەفا ریز بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، مستەفا ریزی چەندین جار دەستبەسەر و زیندانی کراوەو بەهۆی ئەوەیکە چەند جارێک لەگەڵ فەرماندەری سوپای پاسدارانی شاری شنۆ بەناوی \"جلیل‌پەنا\" بە کێشە هاتبوو، لەلایەن ئەو فەرماندەیەوە هەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو.

هەتا ئێستا چۆنییەتیی گیان لەدەست دان یان کوژرانەکەی بۆ هەواڵنێری کوردپا روون نەبۆتەوەو تەرمی مستەفا ریزی رەوانەی پزیشکی دادوەریی شاری شنۆ کراوە.

لەلایەکی دیکەوە چەند رۆژ پێش ئێستا تەرمی کەسێک بەناوی (خالید ساڵح‌پوور) و خەڵکی گەڕەکی ٣٢ میتریی شاری سەقز، لە نزیک بەنداوی لەگزیی شاری سەقز دۆزرایەوە.

بە وتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە، ئەو هاووڵاتییە سەقزییە بەهۆی کێشەی ماڵی و قەرز و قۆڵەوە بە دەستی شەریکەکەی کوژراوەو و دواتر ئاگر لە تەرمەکەی بردراوە.