هاووڵاتییەکی شنۆیی بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا

12:16 - 1 پووشپەڕ 2720

لقی سێی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شێخلوو" حوکمی ساڵێک زیندانیی تەعزیریی بەسەر هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "حوسێن عەبدوڵلازادە" تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی شاری شنۆدا سەپاند.

دادگای ئینقلابی ورمێ، ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی جۆزەردان لە لقی سێی دادگایی ورمێ بەڕێوە چووبوو.

ئەو هاووڵاتییە سەرەتای مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی، بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرا و حوکمی دادگایان پێ ڕاگەیاندبوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی بانەمەڕ ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر کردبوو.

"حوسێن عەبدوڵلازادە"، هەنووکە لە بەندی ٣ی زیندانی ورمێدایە.