هاووڵاتییەکی شنۆیی بۆ تێپەڕاندنی ٧ ساڵ زیندانی رەوانەی زیندان کرا

15:05 - 4 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ناوچەی شنۆ، کە بە ٧ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراوە، بۆ تیپەڕانی ئەو حوکمە رەوانەی زیندانی شاری ماکۆ کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، جاسم حاجیکان خەڵکی گوندی \"گرکاشان\"ی سەربە شاری شنۆ، پاش ئەوەی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ حوکمی ٧ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ پشتڕاست کرایەوە، خۆی بە زیندانی شاری ماکۆ ناساند.

جاسم حاجیکان، لەلایەن دادگای شاری ورمێ بە تاوانی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردیەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و راگرتنی چەک و تەقەمەنی، بە ٧ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی گوندی گرکاشانی ناوچەی شنۆ، سەرەتای پاییزی ساڵی ١٣٩١ لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و پاش ٢ مانگ دەستبەسەری، بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

جاسم حاجیکان، تەمەن ٣٣ ساڵ و کوڕی عەلی، لە سەرەتای مانگی بەفرانباری ئەمساڵەوە لە زیندانی ناوەندیی شاری ماکۆ لە دەستبەسەری دایە و ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات.