هاووڵاتییەکی شنۆیی بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندان کرا

12:04 - 18 بانەمەڕ 2720

سەرەتای مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "غەفوور بەرهەم" کوڕی "کەریم"، خەڵکی گوندی "میرئاوێـ"ـی شنۆ، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، مانگی خەرمانانی ساڵی ٩٧، لەلایەن دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری شنۆ، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگای کۆبوونەوە و تەبانی بۆ خراپکاری دژی ئەمنییەتی نێوخۆیی" بە ٥ ساڵ و هەروەها بە تۆمەتی "هەڵگرتن و ڕاگرتنی چەکی نایاسایی" بە ٥ ساڵ زیندان و هەروەها "بەزاندنی سنوور بە شێوەی نایاسایی" بە ساڵێک زیندان، مەحکووم کراوە.

حوکمی ئەو هاووڵاتییە کوردە لەلایەن لقی یەکی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ پشتڕاست کراوە و دادگای پێداچوونەوە داواکاریی پێداچوونەوەی حوکمی ئەو هاووڵاتییە کوردەی ڕەت کردبووەوە.

دەزگای دادوەری بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتەکانی ئیتلاعاتی سپا و وەزارەتی ئیتلاعات، ئەم حوکمەی بەسەر ئەو هاووڵاتییە کوردەدا سەپاندووە.

"غەفوور بەرهەم"، ساڵی ٩٦ بە تۆمەتی "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش ٤ مانگ و ١٢ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و دوو مانگ لە گرتنگەی ئەلمەهدیی ورمێ، بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.