هاووڵاتییەکی شاری بۆکان بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرا

11:04 - 8 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان کراوە و بۆ ماوەی ٤ کاتژمێر لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٧ی خەزەڵوەر، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان، هاووڵاتییەکی بە ناوی "سابیر"، تەمەن ٣٥ ساڵ، خەڵکی گوندی "میرئاوا"ی ئەو شارە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان"، بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی بۆ ئاژانسی کوردپا خستەڕوو کە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان، ئەو هاووڵاتییە کوردەیان ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ بۆ لێپرسینەوەی زیاتر کردووە.