هاووڵاتییەکی سەڵماسی بە ئێعدام مەحکووم کرا

14:56 - 10 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی سەڵماس لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتی ئێــرانەوە پشتراست کرایەوە و بەم پێیە ئەگەری ئێعدام کرانی لە ئارا دایە.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی \"بەهیک\"ی ناوچەی سەڵماس بەناوی \" حەمید ئەتمانی\" تەمەن ٣٠ ساڵ کوڕی فەرزامی کە لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سەڵماسەوە بە ئێعدام مەحکووم کرابوو، سەرئەنجام حەفتەی رابردوو دیوانی بەرزی وڵات حوکمی ئێعدامی ناوبراوی پشتراست کردەوە.

دەگوترێت کە ئەو هاووڵاتییە کوردە بانەمەڕی ساڵی رابردوو لەلایەن هێــزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێــرانەوە بە تاوانی بازرگانی کردن بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش ئەوەی حوکمەکەی لە دیوانی بەرزی وڵات پشتڕاست کرایەوە، دەستبەجێ بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ راگوێزرا و ئەگەری ئەو دەکرێ کە حوکمی ناوبراو بچێتە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئیستا ١٢هاووڵاتیی کورد لە زیندانەکانی ئێــراندا ئێعدام کراون و هەروەها \"سامان نەسیم\" زیندانی سیاسیی کورد حوکمی ئێعدامی بۆ بڕاوەتەوە.

هەروەها بەپێی ئەو ئامارە ٩ هاووڵاتی دیکەی کورد لە زیندانەکانی ورمێ و کرماشان ئێعدام کراون کە ناسنامەیان ئاشکرا نەکراوە.