هاووڵاتییەکی سەقزی پاش دەستبەسەر کران چارەنووسی ناڕوونە

14:02 - 10 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی سەقزی پاش ئەوەی یەک حەفتە پێش ئێستا لەلایەن ‌هێــزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا، هێشتا چارەنووسی نادیـارە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ هاووڵاتییەکی سەقزی بەناوی \"رامین رەزایی\" تەمەن ٤١ ساڵ و کوڕی عەلی حەفتەیەک پێش ئێستا لەلایەن هێــزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێــزرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێــزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کاتی دەستبەسەر کردنی \"رامین رەزایی\"دا سەرجەم کەلوپەلی شەخسیی ناوبراویان پشکنیوە و بێ‌ڕێزییان بە بنەماڵەی ناوبراویش کردووە.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، هێزە ئیتلاعاتییەکان هۆکاری دەستبەسەر کران و شوێنی راگیرانی ناوبراویان بە بنەماڵەکەی رانەگەیاندووە.

بە پێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ٤٠ رۆژی رابردوودا ٣٧ هاووڵاتیی کورد بە تاوانی جۆراوجۆر لەلایەن هێــزە ئیتلاعاتی و نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێــرانەوە دەستبەسەر کراون.

ئەو ئامارە رێــژەییە و بە پشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بلاو دەکرێتــەوە، بە سەرنجدان بە نەبوونی میدیای ئازاد بۆ رووماڵ کردنی هەواڵەکان و ئەمنیەتی بوونی ناوچە کوردنشینەکانی ئیــران، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.