هاووڵاتییەکی سەقزی لە پەتی سێدارە ڕزگاری بوو

10:58 - 11 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: زیندانییەک کە بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" لە زیندانی سەقزدا بوو، بە لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژراوەکە، لە پەتی سێدارە ڕزگاری بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ١١ی خەزەڵوەر، زیندانییەک بە ناوی "کامران (ڕەزا) عەبدی پوور" کە بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" لە زیندانی شاری سەقزدا بوو، بە لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژراوەکە، لە سێدارە ڕزگاری بوو.

ئەو زیندانییە، ١٦ ساڵ پێش بەهۆی کوشتنی کەسێک بە ناوی "محەممەد عەلیزادە" دەسبەسەر و دواتر حوکمی لەسێدارەدانی بە سەردا سەپابوو.

ڕۆژی هەینی، ١٠ی خەزەڵوەر، چالاکانی مەدەنیی شاری سەقز، بۆ ڕەزامەندی وەرگرتن و لێخۆشبوون لە ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە پێش ماڵی "عەلیزادە" کۆ ببوونەوە.