هاووڵاتییەکی سەقزی بە هۆی نەبوونی پێداویستییە پزیشکییەکان لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا

20:04 - 19 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد، خەڵکی شاری سەقز، بە هۆی نەبوونی پێداویستییە پزیشکییەکان و دوکتوری شارەزا لە نەخۆشخانەی ئەو شارە، گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"حەسەن ستەمدیدە\" تەمەن ٥٤ ساڵ خەڵکی شاری سەقز، کە بە هۆی نەخۆشی دڵەوە سەردانی نەخۆشخانەی شاری سەقزی کردبوو، بە هۆی نەبوونی پێداویستییە پزیشکییەکان و دوکتوری شارەزا گیانی لە دەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە لە شاری سەقز بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ناوەندی دەرمانی شاری سەقز، لەگەڵ نەبوونی پزیشکی شارەزا و کەمی پێداویستییە پزیشکییەکان بەڕەوڕوویە و هەتا ئێستە بەرپرسانی حکوومەتی هیچ هەنگاوێکیان بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە هەڵنەگرتووە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی ٥شەممە ڕێکەوتی ١٢ی ڕێبەندان، منداڵێکی دوو ساڵە بە ناوی \"عەلی حەسەنیپوور\"، بە هۆی هەڵەی پزیشکی، لە نەخۆشخانەی شارستانی نەغەدە گیانی لە دەست دا.

بە وتەی نزیکانی منداڵەکە، ئەم منداڵە تووشی هەڵامەت بووە و پاش وەرگرتنی دەرمان لە لایەن کادرە دەرمانییەکانی نەخۆشخانەی نەغەدەوە، تووشی گەشەنگ بووە و خنکاوە.

ڕۆژی سێشەممە ٥ی بەفرانبار، منداڵێکی تەمەن ٧ ساڵانیش بە ناوی کیان ئەڵماسی، خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی، بە هۆی نەبوونی نەخۆشخانە لەو شارەدا، لە کاتی گواستنەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری جوانڕۆ گیانی لە دەست داوە.

ئەڵماسی کە نەخۆشی \"شەکرە\"ی بووە، بە هۆی نەبوونی نەخۆشخانە لە سەلاسی باوەجانی لە کاتی گواستنەوە بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری جوانڕۆ لە نێو ڕێگەدا گیانی لە دەست داوە.