هاووڵاتییەکی سەقزی بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی رەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا

14:28 - 7 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی سەقزی کە بە ١ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە، بۆ تێپەڕاندنی ماوەێ حوکمەکەی رەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئێستا \"سۆران کەسنەزانی\" کە لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە حوکمی ١ ساڵ زیندنای تەعزیری بۆ بڕاوەتەوە، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی رەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە کرا و هەنووکە لەو زیندانە ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات.

ئەو هاووڵاتییە کوردە هاوینی ساڵی ١٣٩٠ بۆ ماوەی ٢ مانگ لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی شاری سنە لە دەستبەسەری دابوو و دواتر بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.

ناوبراو پاش ماوەیەک لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سەقزەوە بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کووردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئسلامیی ئێران، بە ١ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

کەسێکی نزیک لەو بنەماڵەیە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: \"سۆران کەسنەزانی پاش ئەوەی کە لەلایەن دادگای ئەو شارەوە حوکمی ١ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە، ناوبراو لە دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە ناڕەزایەتی بەو حوکمە دەربڕی، بەڵام هەتا ئێستا هیچ وەڵامێکیان پێ نەداوەتەوە\".