هاووڵاتییەکی سەردەشتی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

12:05 - 27 خاکەلێوه 2722

ڕۆژی سێشەممە ٩ی خاکەلێوە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "حامید عوسمانی" کوڕی "ئیبراهیم"، خەڵکی گوندی "یاسین‌ئاوێ" و دانیشتووی شاری سەردەشت، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان بردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و پاش پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو: "هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی حامید عوسمانی، بێڕێزییان بە بنەماڵەکەی کردووە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی حامید و شوێنی ڕاگیرانی، بێئاکام بووە".

ئەو سەرچاوەیە لە کۆتاییدا ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەو هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکرانی لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە، هەروەها هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری گیران و تۆمەتی دژی ئەو هاووڵاتییە زانیارییەک بەدەست نەهاتووە".