هاووڵاتییەکی سەردەشت بە ٥٤٠ کاتژمێر خزمەتگوزاریی خۆڕایی بۆ تووشبووانی کۆرۆنا سزا درا

13:34 - 25 بانەمەڕ 2720

دادستانی گشتی و ئینقلابی شاری سەردەشت، هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەی بە ٥٤٠ کاتژمێر خەدەماتی ڕایگان بۆ تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە جێگای ٦ مانگ زیندانی مەحکووم کرد.

هەواڵدەریی حکوومەتی "ئیرنا" لە زاری دادستانی گشتی و ئینقلابی شاری سەردەشت بڵاوی کردەوە کە  یەکێک لە دادوەرەکانی لقی کەیفەری ئەو شارە هاووڵاتییەکی بە تاوانی کەڵکوەرگرتن لە ماتۆڕسیکلێت بە شوناسی ساختەیی، بە ٥٤٠ کاتژمێر خزمەتگوزاریی خۆڕایی بۆ تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا شاری سەردەشت مەحکووم کرد.

ئەو حوکمە لەلایەن "مەجید ئەمیر محەممەدی" دادوەری دادگای لقی ١٠١ی  کەیفەری  شاری سەردەشت، لە قۆناغی یەکەمی دادگاییەکەیدا، بە ٦ مانگ زیندان مەحکووم کرا، بەڵام دواتر ئەو حوکمە گۆڕدرا بۆ ٥٤٠ کاتژمێر خزمەتگوزاریی خۆرایی بۆ تووشبووانی کۆرۆنا.

دادستانی شاری سەردەشت سەبارەت بە جێگۆرکێی ئەو حوکمە ڕایگەیاند: "ئەو حوکمە لە ڕاستای پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و یارمەتیدانی تووشبووانی ئەو ڤایرۆسە، ئەو حوکم بە سەر ئەو کەسەدا، سەپاوە".