هاووڵاتییەکی سنەیی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

17:45 - 7 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کوردی خەڵکی سنە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی سێشەممە، ٥ی سەرماوەز، کاتژمێر ٣ی شەو، هێزە ئیتلاعاتییەکان لاوێکی کوردیان بە ناوی "سوهەیب ئەسەدی"، خەڵکی سنە، دەسبەسەر کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە هێرش کردنە سەر ماڵی باوکی ئەو لاوە کوردە، پاش دەسبەسەرکردنی، بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگوێزراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی کوڕەکەیان، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک بە بنەماڵەی "ئەسەدی" خۆیان دەبوێرن.