هاووڵاتییەکی سنەیی لە ئێعدام ڕزگاری بوو

14:28 - 27 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: لە چەند ساڵی ڕابردوودا، فەرهەنگی لێخۆشبوون لە ئێعدامکردنی بکوژ، لە لایەن بنەماڵەی کوژراوەکەوە، لە کوردستانی ڕۆژهەڵات پەرەی سەندووە و لە نوێترین حاڵەتدا، سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ، هاووڵاتییەک لە ئێعدام ڕزگاری بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٧ی جۆزەردان، بە هەوڵی ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنیی کورد و هاووڵاتییانی خەڵکی شاری سنە، بنەماڵەی کوژراوەکە، لە خوێنی کوڕەکەیان خۆش بوون و بکوژەکە لە پەتی سێدارە ڕزگاری بوو.

شوناسی ئەو کەسانە کە بە ئاژانسی کوردپا ڕاگەیەندراوەن، بکوژەکە \"عیرفان حەیدەریان\" و کوژراوەکەش \"ئارمان زارعـ\"ـە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، بە هۆی دەمەقاڵێ تووشی شەڕ بوون و لە ئاکامدا، \"عیرفان حەیدەریان\" بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر \"ئارمان زارع\" و پێش لە گەیشتن بە نەخۆشخانە، ئەو هاووڵاتییە کوردە، گیانی لەدەست دابوو.\"

ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتی: \"ماوەی نزیک بە ١٠ ساڵە، ئەو هاووڵاتییە کوردە لە زینداندایە و سەرئەنجام بە هەوڵی چالاکانی مەدەنی و هاووڵاتییانی شاری سنە، بنەماڵەی کوژراوەکە لە سێدارەدانی بکوژی کوڕەکەیان، خۆش بوون.

لێخۆشبوونی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە لە بکوژی کوڕەکەیان لە پەتی سێدارە، دوای ئەوە دێت کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ڕیزبەندیی دووهەمین وڵاتانی جیهاندایە، کە زۆرینەی ڕێژەی لەسێدارەدانی تێدایە.

حوكمی قەساس لە یاساكانی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا بە مەبەستی سزادانی كوشتنی بەئەنقەست لەبەرچاو گیراوە و بەڕێوەبردنەكەشی پەیوەندیی بە بنەماڵەی قوربانییەكەوە هەیە و هەر ئەو بنەماڵەیە دەتوانن لێی ببوورن، یان بیدەنە دەست یاسا.