هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی قوروەیی لە گرتنی پارێزەر بێبەری کراوە

10:41 - 24 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی قوروە، پاش دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە، چارەنووسی ناڕوونە و لە گرتنی پارێزەر بێبەری کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، "عەلی ستودە"، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی قوروە کە لە سەرەتای مانگی سەرماوەز، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو، پاش ڕۆژێک لە گرتنگەی ئەو شارە، بۆ زیندانی ناوەندیی قوروە ڕاگوێزراوە.

هێزە ئینتزامییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە لاوە، دەستیان بە پشکنینی ماڵی "عەلی ستودە" کردووە و هەندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

"عەلی ستوودە" تەمەن ١٩ ساڵ، پاش دەسبەسەرکرانی، لە مافی گرتنی پارێزەر بێبەرییە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی "عەلی ستوودە" ڕایگەیاندووە، ئەو لاوە لە کاتی بڵاوکردنەوەی "ڕاگەیەندراو"دا دەسبەسەر کراوە و لە هەنووکەدا زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەو لاوە لەبەر دەستدا نییە.