هاووڵاتییەکی دیكەی كورد بەهۆی تەقەی هێزی ئینتزامییەوە كوژرا

20:51 - 13 بانەمەڕ 2712
كوردپا: كاسبكارێكی كوردی خەڵكی شاری مەهاباد كە بە ماشین سەرقاڵی كاسبی بووە، بەهۆی دەستڕێژی راستەوخۆی هیزی ئینتزامی لەسەر جادەی تەورێز ماشینەكەی وەرگەڕاوە و گیانی لەدەست داوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، هاووڵاتییەكی كورد بەناوی \"هەژار سوڵتانی\" تەمەن 32 ساڵ و خەڵكی مەهاباد رێكەوتی 12ی بانەمەڕ لەسەر جادەی تەورێز لەلایەن هێزی ئینتزامییەوە كەوتۆتە بەر دەستڕێژ و بەهۆی وەرگەڕانی ماشینەكەی گیانی لەدەست داوە.

هەواڵنێری كوردپا لە درێژەی راپۆرتەكەیدا رایگەیاندووە، ئەو هاووڵاتییە كوردە خێزاندارە و منداڵێكی تەمەن 4 ساڵیشی هەیە.

لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران بەهۆی نەبوونی دەرەتانی كار و دەستەنگی بەشێك لە هاووڵاتییان یان لەسەر سنوورەكان بەناچاری سەرقاڵی كار و پیشەی پڕ مەترسیی كۆڵبەرین، یان كاڵا و شتومەكی وەك پارچە، كریستاڵا، چایی و... بۆ ناوچەكانی دیكەی ئێران دەگوازنەوە.

ئەم پیشە پڕ مەترسییە بێ‌قوربانی نیە و لە ساڵانی رابردووشدا چەندین حاڵەتی دەستڕێژ لە كاسبكاران لەناو جادەكانی كوردستان و شارەكانی دەرەوەی كوردستان رووی داوە و لە ئەنجامدا چەندین كاسبكاری كورد یان بەهۆی دەستڕێژی راستەوخۆوە گیانیان لەدەست داوە یان بەهۆی وەرگەڕانی ماشین.

هێزە ئینتزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران زۆر جار لەناو جادەكانی كوردستان، یان لە سنوور و دەروازەی شارەكانی كوردستان كەمین بۆ كاسبكاران دەنێنەوە و دەیاندەنە بەر دەستڕێژی راستەوخۆ و گیانیان لەدەست دەدەن.