هاووڵاتییەکی دیکەی کورد لە شاری دەماوەند دەسبەسەر کرا

16:47 - 12 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سنە، لە شاری دەماوەند دەسبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "فەرامەرز غەفووری" کوڕی ئەمین، خەڵکی گوندی "ئەوێهەنگ"ی سەر بە شاری سنە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە دەماوەند و دەستیان بەسەر هەندیک کەرەستەی کەسیی ناوبراودا گرت و لەگەڵ خۆیان بردیان.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی، ئەو هاووڵاتییە کوردە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی بەفرانبار، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "فەرامەرز قاسمی ئازەر" کوڕی "فەتاح"، "شاپوور حەبیبی" کوڕی "عیسا" و "فەرزین ڕۆستەمی" کوڕی "عەلی"، خەڵکی گوندی "ئەویهەنگـ"ـی سەر بە سنە، لە دەماوەند لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.