هاووڵاتییەکی دیکەی کورد حوکمی زیندان و دوور خرانەوەی بۆ بڕایەوە

21:01 - 17 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: دادگای شۆڕشی شاری کرماشان لاوێکی کوردی خەڵکی ئەو شارەی بە زیندان و دوور خرانەوە مەحکووم کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئیستا هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"ئارام بەهرامی\" کوڕی محەممەد ئەمین لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کرماشان بە ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری و ٨ ساڵ دوور خرانەوە بۆ شاری \"بجنوورد\" لە پارێزگای خۆراسان حوکم درا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بە تاوانی پڕوپاگەندە و پەیوەندی لەگەڵ حیزبێکی کوردی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و بێ‌ڕێزی کردن بە پیرۆزییەکان\"، ئەو حکمەی بۆ بڕاوەتەوە.

ئارام بەهرامی ئاگادار کراوەتەوە کە دەبێ رۆژی ٢٨ی رێبەندانی ئەمساڵ بۆ جێبەجێ کردنی ئەو حوکمە خۆی بە دادگا بناسێنێت.

\"11001.jpg\"
ئارام بەهرامی
ناوبراو لە دایکبووی گوندی \"زەردۆیی\" سەربە شاری پاوە و دانیشتوونی شاری کرماشان بووە کە لە هاوێن و پایزی ئەمساڵدا چەندین جار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و لێکۆڵینەوەی لێکرابوو.

لەلایەکی دیکەوە هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران چەندین جار هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە وێڕای پشکنینی ماڵەکەی دەستیان بەسەر کامپیوتێر، لاپتۆپ و رێژەیەکی بەرچاو لە کتێبەکانیدا گرتبوو.

بەپێێ ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای وەرزی زستانەوە هەتا ئێستا سەرجەم ٢٢ هاووڵاتیی کورد لەلایەن دەزگا قەزاییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە.