هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شنۆ دەسبەسەرکرا

15:09 - 15 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی ئیتلاعات هاووڵاتییەکی کوردی دیکەی خەڵکی شاری شنۆیان دەسبەسەرکرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"سابیر خەڵیفە\" کوڕی ئیسماعیل خەڵکی شنۆ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی نزیکانی ئەم هاووڵاتییە کوردە، هێزەکانی ئیتلاعات بە هێرشکردنە سەر ماڵی سابیر، ئەویان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
هێزەکانی ئیتلاعات هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردەیان بۆ \"هاوکاریکردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی حکومەتی ئێران\" گەڕاندووەتەوە.

لەهەمان ڕاستادا، چەند ڕۆژ پێش، دوو هاووڵاتی کورد بە ناوەکانی \"شۆڕش قادر سەکینە و دڵشاد جەواهیر\" خەڵکی گوندی \"تاچیناوێ\"ی سەر بە شاری شنۆ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات دەسبەسەر کران.

هەروەها ڕۆژی شەممە ٩ی پوشپەڕ، \"فەرهاد عەبدوڵڵاپور\" برای \"هیدایەت عەبدوڵڵاپور\" زیندانی سیاسی مەحکوم بە ئێعدام لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەرکرا.