هاووڵاتییەکی دیکە لە گوندی "سلێن" سەر بە سەوڵاوا دەسبەسەر کرا

12:24 - 26 بەفرانبار 2720

ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سەلمان ئەدوایی"، کوڕی "محەممەد" و خەڵکی گوندی "سلێن" لە ناوچەی هەورامانی سەر بە سەوڵاوا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان، بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی "سەلمان ئەدوایی" بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی کوڕەکەیان بێئاکام ماوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی دژی ئەو هاووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بەفرانبار، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئەکرەم ئەدوایی"، تەمەن ٣١ ساڵ و "سیامەک ئەدوایی"، تەمەن ٢٤ ساڵ، خەڵکی گوندی "سلێن" سەر بە "سەوڵاوا"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

هێزە ئەمنییەتییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپا، هێرشیان کردبووە سەر گوندی "سلێن" و بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردبوو.