هاووڵاتییەکی دیکە لە شاری شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

11:55 - 18 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی هەینی ١٧ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئومید مورادی" کوڕی قادر خەڵکی شاری "نەڵۆسـ"ـی شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە کوردپا ڕایگەیاند: "هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان لە نزیک گوندی "قەزەناوێـ"ـی شنۆ دەسبەسەر کردووە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەریی ئەو هاووڵاتییە دەستیان بە سەر موبایەلەکەیدا گرتووە".

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری گیران و تۆمەت دژی ئومید مورادی زانیارییەک ورد لە بەردەستدا نییە.

هەروها سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی شنۆیی بە ناوی "سەلاحەدین ئەحمەدی" تەمەن ٤٢ ساڵ کوڕی مستەفا خەڵکی گوندی "سینگانـ"ـی ئەو شارە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.