هاووڵاتییەکی دیکە بەهۆی تەقینەوەی مین گیانی لەدەست دا
10:14 - 6 بەفرانبار 2721
ڕۆژی یەکشەممە ٥ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئیبراهیم عەبدوڵڵاهی"، خەڵکی سەقز و دانیشتووی پێنجوێنی کوردستانی باشوور، لە ئەنجامی تەقینەوەی مین گیانی لەدەست دا.
عیسا بازیار، چالاکی مافی مرۆڤ لە بواری قوربانییانی تەقینەوەی مین بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٣٩ ساڵەیە لە سنووری عێراق تووشی ئەو ڕووداوە بووە."
ناوبراو لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕوماڵات تووشی ڕووداوی تەقینەوەی مین بووە.
هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی بەفرانبار، لە ئەنجامی تەقینەوەی مین منداڵێکی تەمەن ١٠ ساڵ لە دێهلۆران سەر بە پارێزگای ئیلام گیانی لەدەست دا.
ئەو منداڵە خەڵکی کرماشانە و لە هەوارچییەکانی خێڵی "زەنگەنە"ی دانیشتوو لە دەشتی عەباسی دێهلۆرانە.