هاووڵاتییەکی خەڵكی ئیلام لەبەردەم بونیادی مەسکەن ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا

16:58 - 3 رێبەندان 2721

ئەمڕۆ یەکشەممە ٣ی ڕێبەندان، "عەلی ڕۆستەمی"، هاووڵاتییەکی تەمەن ٣٨ ساڵ خەڵکی گوندی "چشمە کەبوود" سەر بە شاری ئیلام، بەهۆی یارمەتینەدانی لەلایەن ئەو ناوەندە حکوومەتییەوە، هەوڵی خۆسووتاندنی دا.

سەرچاوە خۆجێییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو هاووڵاتییە زیاتر لە ٥٠٪ی جەستەی سووتاوە.

ئەو هاووڵاتییە لەپێش چاوی دوو منداڵەکەی بێنزینی بەخۆیدا کردووە و ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.

هەنووکە ئەو هاووڵاتییە لە نەخۆشخانەی شاری ئیلام لەژێر چاودێریی پزیشكییە.

بەڕێوەبەری گشتیی بونیادی مەسکەن بە پشتڕاستکردنەوەی خوسووتاندنی ئەو هاووڵاتییە لەبەردەم بینای ئەو ئیدارەیە ڕایگەیاندووە: "ئەو پرسە پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە".

"موحیبی" هەروەها ڕایگەیاندووە ئەو هاووڵاتییە بە شوێن تەواوبوونی کاروباری خانووەکەی بووە کە لەلایەن دێهیاریی ئەو گوندە و بەخشدارەوە داواکارییەکەی ڕەت کراوەتەوە، ناوبراویش ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.