هاووڵاتییەکی خەڵکی گیلانغەربی کرماشان دەستبەسەر کرا

16:48 - 25 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ‌هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری گیلانغەرب پارێزگای کرماشان دەستبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەتووی ڕابردوو هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری گیلانغەرب لە لایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە ناوی\"ڕەسووڵ سەیادیان\" خەڵکی گیلانغەرب پارێزگای کرماشان ڕاگەیەندراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە درێژەی پشتیوانی لە مانگرتنی هاووڵاتییانی شارەکانی بانە، کرماشان و سنە دەستبەسەر کراوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی خەرمانان، ٥ نووسەر و چالاکیی مەدەنی لە شاری کرماشان بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی خەڵکی شاری بانە لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری کرماشان دەستبەسەر کران.

شوناسی ئەو ٥ نووسەر و چالاکە مەدەنییە کوردە بە ناوەکانی \"فەرزاد سەفەره، فوئاد موزەفەری، شەهریار تەهماسبی، شەهریار ڕۆستەمی، ئەرسەلان عەباسی\" ڕاگەیەندراوە.

ئەو نووسەرو چالاکوانە مەدەنییانە پاش دادگایی کردن بۆ زیندانی دێزڵئاوای شاری کرماشان راگوێزراون.