هاووڵاتییەکی خەڵکی ورمێ بە ٦ مانگ زیندانی مەحکووم کرا

14:47 - 24 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەی بە ٦ مانگ زیندانی مەحکووم کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"سمکۆ جەعفەری\"، تەمەن ٢٨ ساڵ، خەڵکی ورمێ، لە دادگای ئینقلابی ئەو شارەدا بە ٦ مانگ زیندانی مەحکووم کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، کۆتاییەکانی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\"، دادگایی و حوکمی ٦ مانگ زیندانیی بە سەردا سەپا.

ئەو بڕیارە، ڕۆژی شەممە، ٢١ی بانەمەڕ، بە ناوبراو ڕاگەیاندراوە.

\"سمکۆ جەعفەری\"، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی ڕەشەممەی ساڵی ٩٧، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش لێکۆڵینەوە، ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، بە دانانی بارمتەی ١٢٠ میلیۆن تەمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.