هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد پاش دەسبەسەرکرانی چارەنووسی ناڕوونە

10:22 - 23 رەزبەر 2721

لە چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "مۆحسێن ئەحمەدزادە"، کوڕی ڕۆستەم و خەڵکی گوندی "کۆسە کەرێز" سەر بە مەهاباد کە مانگی خەرمانانی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو، زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە"، بێبەری کراوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتوویەتی: "هەتا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی مۆحسێن ئەحمەدزادە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو، بێئاکام ماوەتەوە".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەو هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکرانی بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کراوە.

ناوبراو ڕۆژی هەینی ١٢ی خەرمانان، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە، زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە.

مۆحسێن ئەحمەدزادە، خێزاندار و خاوەن دوو منداڵە.