هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان ماوەی چەند رۆژە بێسەر و شوێنە

19:46 - 6 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری مەریوان ماوەی چەندین رۆژە بێسەر و شوێنە و لە چارەنووسی هێچ هەواڵێک لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی هەواڵی گەیشتو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \"بەهاددین رەوانگەرد\" تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی شاری مەریوان ماوەی نزیک بە ١ حەفتەیە بێسەر و شوێنە و سەرەڕای بەدواداچوون و گەڕانی بنەماڵەکەی، هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

کەسانی نزیک لەو بنەماڵەیە لەسەر ئەو باوەڕە دان کە \"بەهاددین رەوانگەرد\" لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.

لەلایەکی دیکەوە \"مادێح نەزەری\" رۆژنامەنووسی خەڵکی شاری سنە ماوەی زیاتر له ١٠ رۆژە بێسەروشوێنە و هاوسەری ئەو رۆژنامەنووسە رایگەیاندووە، گومانی ئەو دەکرێت کە مادێح لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرابێت.

مادێح نەزەری ٢٥ رۆژ پێش ئێستا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سنەوە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بانگهێشت و هەڕەشەی لێ کرابوو.