هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ دووبارە بە ئێعدام مەحکووم کرا

20:19 - 28 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری شنۆ لە دادگای ئینقلابی شاری ورمێ دووبارە محاکمە و بە ئێعدام مەحکووم کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٨ی بەفرانبار، دادگای ئینقلابی شاری ورمێ هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری شنۆی بە ناوی \"هیدایەت عەبدوڵڵاپوور\" کوڕی \"ئەبووبەکر\" بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دووبارە بە ئێعدام مەحکووم کرد.

مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٥ی هەتاوی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ حوکمی ئێعدامی بۆ هیدایەت عەبدوڵڵاپوور و حوکمی ١٠٠ ساڵ زیندانی بۆ حاسڵ عەزیزی، محەممەدزاهید فەرامەرزی،یەعقووب بائێکرام،جەلال مەسرووری،کەمال مەسرووری و سدیق بائیکرام دەرکرد.

ماوەیەک پیش ، دۆسیەی ئەو ٧ هاووڵاتییە کوردە بە مەبەستی پێداچوونەوە بۆ لقی دووی دادگای پێداچوونەوە پاڕێزگای ورمێ، نێردرابوو.

دادگای ئینقلابی شاری ورمێ ئەو ٧ هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی گوندی \"قەرەسەقەل\" سەر بە شاری شنۆ بە تۆمەتی\"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران مەحکووم کردبوو.