هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ بە تۆمەتی \"ئەمنییەتیی\" بە سێ ساڵ زیندان مەحکووم کرا

21:32 - 14 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران لە شاری شنۆ هاووڵاتییەکی کوردی بە سێ ساڵ زیندان مەحکووم کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دادگای ئینقلابی شاری شنۆ حوکمی سێ ساڵ زیندانی بە سەر هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری شنۆدا سەپاند.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری شنۆ شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە\"سەید شەهاب حوسێنی\" خەڵکی گوندی\"بێژئاوێ\"ـی سەر بە شاری شنۆ ڕاگەیاند.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ، ئەو هاووڵاتییە کوردە لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری شنۆ بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" تاوانبار کردووە.

بەپشت بەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکانی ناوەندی ئاماری هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ١١٩ کەس لە هاووڵاتییانی کورد بە تۆمەتی سیاسی \"ئەمنیەتی\" لە لایەن دادگاکانی حکومەتی ئێران بە ٤٠٩ ساڵ و ١١ مانگ و ٥ ڕۆژ زیندانی تەعزیری، ١١ ساڵ و ١ ڕۆژ زیندانی تەعلیقی، ٩٤ شەڵاق و ١ زیندانیی سیاسیش بە ئێعدام مەحکوم کراون.

سەرجەم ئەو کەسانە بە تۆمەتی وەک \"هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی\" و \"پڕۆپاگەندا دژی نیزام\" تاوانبار کراون.

لە نێوان ئەو کەسانە، ٢٥ هاووڵاتیی حوکمی سەرووی ١٠ تا ٢٥ ساڵیان بەرکەوتووه.