هاووڵاتییەکی خەڵکی سەڵماس بەهۆی ڕاودوونان و تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت کوژرا

23:03 - 20 رێبەندان 2720

ڕۆژی دووشەممە ۲۰ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "بێهزاد هاشمی ئەسڵ"، کوڕی ئەحمەد و خەڵکی گوندی "بهیک" سەر بە سەڵماس، بەهۆی ڕاودوونان و تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار هێزە نیزامییەکان، لە ڕێگای سەڵماس بۆ خۆی،  بە گومانی هەڵگرنی شتومەکی قاچاخ، بە دوای ماشینی ئەو هاووڵاتییە دەکەون و دواتر تەقەی لێ دەکەن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "هێزە نیزامییەکان لە ڕاودوونانی ماشینی بێهزاد، تەگەرەکانی ماشینەکەی دەکەنە ئامانجی گولـلە کە دەبێتە هۆی وەرگەڕانی ماشینەکەی".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو کە: "ئەو هاووڵاتییە لەو ڕووداوەدا، بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە، گیانی لەدەست داوە".

بێهزاد هاشمی ئەسڵ، خێزاندار و خاوەن سێ منداڵە.