هاووڵاتییەکی خەڵکی سەردەشت دوای تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی، ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرا

16:39 - 7 رێبەندان 2719

ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "دارا ڕەشیدی" کوڕی "مستەفا"، تەمەن ٤٧ ساڵ و خەڵکی سەردەشت، پاش دوو مانگ دەسبەسەری لە گرتنگەی "سپای ئەلمەهدیـ"ـی ورمێ، بۆ پەزیرشی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە، ٧ی بەفرانبار، بۆ بەندی ١٢ی زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا.

"دارا ڕەشیدی" بۆ تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر کراوە و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی "سپای ئەلمەهدیـ"ـی ورمێ کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە پێشتر بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر کرابوو و ٧ ساڵ زیندانیی تەعزیریی بەسەردا سەپابوو.

ناوبراو ئەم ٧ ساڵەی لە زیندانەکانی ورمێ و نەغەدەدا تێپەڕاندبوو.