هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە لە کێوی ئاویەر کوژرا

21:27 - 28 بانەمەڕ 2712
کوردپا: دوو رۆژ لەمەو پێش هاوولاتییەکی خەڵکی سنە لە بەرزاییەکانی کێوی ئاویەر لە نزیک شاری سنە لەلایەن چەند کەسێکەوە کوژراوە.

بە پێی راپۆرتی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا لە شاری سنە \"ئەیوب تاری\" تەمەن ٣٢ساڵ کوڕی حەبیبوڵڵا، لە کێوی ئاویەر لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە بە زەبری چەقۆ کوژراوە.

ئەیوب تاری خێزاندار و دانیشتووی شەهرەکی بەهارانی سنە بووە.

تا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانییارییەک لە مەڕ هۆکاری کوژران و شوناسی ئەنجامدەرانی ئەم رووداوە لەبەر دەستدا نیە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا لە ماوەی نزیک بە دوو مانگی رابردوودا ٦ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە شێوەی گوماناوی کوژراون.

ئەم ئامارە بەپشت بەستن بە ناوەندی ئاماری کوردپا بڵاو کراوەتەوە و بێگومان ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاترە.