هاووڵاتییەکی خەڵکی جوانڕۆ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

10:23 - 28 رەشەمه 2720

ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕەشەمە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئولفەت بەهرامی"، تەمەن ٣٤ ساڵ، کوڕی ئەحمەد و خەڵکی گوندی "کەڵاش" سەر بە جوانڕۆ، بە دانانی بارمتە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ئەو شارە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە بە شۆکێری بەرقی ئازار و ئەشکەنجەی تووند دراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاووڵاتییەیان، بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" و "تێپەڕاندنی سنوور بە شێوەی نایاسایی"، تۆمەتبار کردووە.

ڕۆژی سێشەممە ١٢ی ڕەشەمە، "ئولفەت بەهرامی"، بە بیانووی کێشە لە پێدانی یارانە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بانگهێشتی فەرمانداریی جوانڕۆ کراوە و هێزە ئەمنییەتییەکان ناوبراویان بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کردووە.

یەک ڕۆژ پاش دەسبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە، هێزە ئەمنییەتییەکان لە پەیوەندییەکی تەلەفوونی لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕایانگەیاندووە کە ئولفەت بەهرامییان دەسبەسەر کردووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، خێزاندار و خاوەن منداڵێکە.