هاووڵاتییەکی خەڵکی بانە بەتەقەی هێزە نیزامییەکان کوژرا

18:51 - 4 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی خەڵکی ناوچەی بانە کە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بریندار کرابوو، بەهۆی کاریگەر بوونی برینەکانی گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی رێکەوتی ٤ی رەشەممە هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \"سەعید سلێمانی\" کوڕی مستەفا، کە ١٥ رۆژ پێش ئێستا لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە درابووە بەر دەستڕێژ و بریندار کرابوو، بەهۆی کاریگەر بوونی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو هاووڵاتییەی خەڵکی گوندی \"گەورەدار\"ی بانە لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە بیانووی راگرتنی کەلوپەلی قاچاخ لە نێو ماڵەکەی خۆیدا درابووە بەر دەستڕێژ و بریندار کرابوو.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٦٢ هاووڵاتیی مەدەنی تەنیا بە گومانی هەرڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دراونەتە بەر دەستڕێژی گولـلە، کە لە کۆی ئەو رێژەیە ٣٨ کەس کوژراو و ٢١ کەسیش بە توندی بریندار بوون.

ئەم ئامارە رێژەییە و بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.