هاووڵاتییەکی جوانڕۆیی بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی دێزڵاوای کرماشان کرا

11:41 - 16 پووشپەڕ 2720

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "دارا ڕەحمانی" کوڕی "ئەحمەد"، تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی جوانڕۆ، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانی زیندانی دێزڵاوای کرماشان کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕێکەوتی ١٠ی بەفرانباری ساڵی ٩٠، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی کرماشان کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی، ڕێکەوتی ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ٩١، بە دانانی بارمتەی ٥٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

"دارا ڕەحمانی"، ساڵی ٩٤ لەلایەن دادگای ئینقلابی کرماشان، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و ئەو حوکمەش لە دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کرابووەوە.