هاووڵاتییەکی تەمەن ٥٤ ساڵ لە ورمی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

15:32 - 12 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد،خەڵکی دزەی مەرگەوەڕ، سەر بە شاری ورمی بە هۆی \"کێشەی بنەماڵەیی\" کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١١ی خاکەلێوە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"عەبدولکەریم خاجەوی\"، تەمەن ٥٤ ساڵ خەڵکی دزەی مەرگەوەڕ لە ڕێگای خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار باسی لەوە کردووە ئەو ‌هاووڵاتییە کورد بە هۆی \"کێشەی بنەماڵەیی\" خۆکوژی کردووە و پێشتریش لە ڕێگای حەب خواردنەوە ویستوویەتی کۆتایی بە ژیانی خۆی بێنێت.

ئەو هاووڵاتییە کوردە سەرایەداری یەکێک لە قوتابخانەکانی دزەی مەرگەوەڕ بووە.

لەو پێوەندییەدا، سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ سێ هاووڵاتی خەڵکی شاری سەردەشت بە ناوەکانی \"کەریم ئیسماعیلی، کوڕی حاجی ئیسماعیل، وریا ئیبراهیم پوور، کوڕی قادر و میلاد خوجەسته، کوڕی حسێن\" به هۆکاری نادیار کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.