هاووڵاتییەکی تەمەن ٣٨ ساڵ لە سەقزدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

15:21 - 21 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی دیکەی کورد، خەڵکی یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری سەقز، بە هۆی بێکاری، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی، ٢٠ی بانەمەڕ، پیاوێکی تەمەن ٣٨ ساڵەی خەڵکی شاری سەقز، بە ناوی \"حەسەن مەحموودی\"، دانیشتووی گەڕەکی ١١ی گوڵانی ئەو شارە، کۆتایی بە ژیانی خۆی ‌هێنا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە هۆی بێکاری و بەرزبوونەوەی کرێ خانوو، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ناوبراو خێزاندار و کرێنشین بووە.

بە وتەی كۆمەڵناسان، چوونە سەرەوەی ڕێژەی خۆكوژی و پەرەسەندنی خەسارە كۆمەڵایەتییەكان، دیاردەیەكی چەند لایەنە و فرەهۆكارە و پێویستی بە توێژینەوە و تێڕوانینێكی ورد هەیە.

هەژاری، دابەشكردنی نادادپەروەرانەی سامان، بێكاری، گۆڕانی بایەخەكان و جیاوازیی چینایەتی، لە هۆكارەكانی خۆكوژی لە ئێراندا دێنە هەژمار.