هاووڵاتییەکی بۆکانی دەستبەسەر کراوە

20:31 - 14 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی لە شاری بۆکان لاوێکیان دەستەبەسەر کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ١٢ی خاکەلێوە، لە هێرشی مەئموورانی ئەمنیی بۆکاندا، هاووڵاتییەکی تەمەن ٣١ ساڵە بەناوی ڕەئووف جەلیلی( شێرکۆ) کوڕی ڕۆستەم دەستبەسەر کراوە.

ناوبراو بەبێ بەڵگەی دادوەریی، و وێڕای توندوتیژیی سێ کەس لە هێزە ئیتلاعاتییەکان، لە ماڵی خۆی لە گەڕەکی \"قۆلە\" دەستبەسەر کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاست‌کردنەوەی ئەو هەواڵە، بە ئاژانسی کوردپای گوت: \"لە هۆکاری گیران و شوێنی دەستبەسەرکرانی شێرکۆ هیچ زانیارییەکی باوەڕپێکراومان لەبەردەستدا نییە\".

لە ڕاپۆرتی نێردراودا ئاماژە بەوە کراوە کە؛ ئەم لاوە کوردە، هاوسەر و منداڵێکی ساوای هەیە.

بەدواداچوونی بنەماڵەی جەلیلی بۆ چارەنووسی کوڕەکەیان لە ناوەندە ئەمنیەتییەکان تاکوو ئێستا هیچ دەرنجامێکی نەبووە.

بەپێی ڕاپۆرتە نێردراوەکانی هەواڵنێرانی کوردپا لە شارەکانی کوردستانی ئێران، لە بەرەبەری نەورۆزی ئەمساڵدا و لە ڕۆژەکانی پاش نەورۆزدا، لانیکەم ٢٧ هاووڵاتیی کورد لە پەیوەندیی لەگەڵ بەڕێوەچوونی جێژنی کەونارای نەورۆز و کەڵکوەرگرتن لە \"جامانە\"، لەلایەن مەئموورانی ئەمنیەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

بە پشتبەستن بە نوێترین ڕاپۆرتی ئاماری ئاژانسی کوردپا بۆ ساڵی ڕابردوو، ٥٦٤ کەس لە هاووڵاتییانی کورد بەهۆی چالاکیی سیاسی، مەدەنی، وێبلاگنووسی و ژینگەپارێزی دەستبەسەر کراون کە بۆ ١١٩ کەسیان حوکمی زیندان بڕدراوەتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکان و دەسەڵاتی دادوەری لە تاوانبارانی سەرەکیی پێشل کردنی مافی مرۆڤ لە ئێران بەئەژمار دێن.