هاووڵاتییەکی بۆکانی حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە

21:17 - 8 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری مەهابادەوە بە ٥ ساڵ زیندان حوکم درا.

بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \"زاهید رۆستەم‌پوور\" تەمەن ٢٨ ساڵ لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری مەهابادەوە حوکمی ١ ساڵ زیندانی تەعزیری و ٤ ساڵ زیندانی هەڵپەسێراوی بۆ بڕایەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی بەخشی \"قەرە مووسالی\" سەربە شاری بوکان، بە تاوانی ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ئەو حوکمەی بۆ بڕاوەتەوە.

زاهیــد سەرەتای مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٠ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و پاش ١ مانگ بە دانانی بارمتەی ٢٠ میلیۆن تمەنی بە شێوی کاتی ئازاد کرابوو.

ناوبراو لە کۆتایی مانگی رێبەندانی ئەمساڵ بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی، خۆی بە زیندانی شاری مەهاباد ناساندبوو.

بەپێێ ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری کوردپا، لە ماوەی نزیک بە ٤٠ رۆژی رابردوودا لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران ١٤ هاووڵاتی کورد بە تاوانی جۆراوجۆر ماوەی ٢٧ ساڵ زیندان و هەروەها ٢ هاووڵاتیی دیکەش حوکمی دوورخرانەوەیان بۆ بڕاوەتەوە.

ئەو ئامارە رێژەیی‌یە و بەپشت بەستن بە ناوەندی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.