هاووڵاتییەکی بۆکانی بۆ ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرا

16:50 - 6 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی بۆکان، کە لە خۆپیشانداکانی ئەو شارە دەستبەسەر کرابوو، بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ ڕاگوێزرا.

بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٦ی سەرماوەز، هاووڵاتییەکی کورد بەناوی (سەعدی ئەحمەدپوور) خەڵکی شاری بۆکان، کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە دەستبەسەر کرابوو، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بۆ گرتنگەی ئیدراەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەزەڵوەر، لە کاتی خۆپیشاندانەکان لە بۆکان دەستبەسەر کرابوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە، بۆ لێپرسینەوە ڕەوانە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هاوکات ئەوەشی خستە ڕوو: "ناوەندە ئیتلاعاتییەکان لە هەوڵی ئەوە دان ژمارەیەک لە هاوووڵاتییانی ناڕازی دەستبەسەرکراو، وەکوو تۆمەتباری نائەمنی و ئاڵۆزییەکان بە بیروڕای گشتی بناسێنن".

ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەزەڵوەر، لە کاتی گردبووەنەوە و ناڕەزایی لە بۆکان، هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران دەیان هاووڵاتی و بەتایبەت گەنجانیان دەستبەسەر کردووە و ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوەکان بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، ڕاگوێزراون.