هاووڵاتییەکی برینداری کورد دوای نزیک بە ١٠ رۆژ، گیانی لەدەست دا

14:43 - 25 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: هاووڵاتییەكی كوردی خەڵكی ناوچەی \"سۆما\"ی سەر بە شاری ورمێ‌ لەناو جادە کە لەلایەن هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بریندار ببوو، گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، هاووڵاتییەكی كورد بەناوی \"مەهدی كووهی\" كوڕی كەرەم و خەڵكی گوندی \"پیرانجغ\"ی سەر بە ناوچەی سۆمای سەر بە شاری ورمێ‌ کە رێکەوتی ١٥ی رەزبەر لەناو جادە و بە تەقەی هێزە نیزامییەكانی حكوومەت بە توندی بریندار كرابوو، رۆژی دووسەممە رێکەوتی ٢٤ی رەزبەر لە نەخۆشخانەیەکی ساری ورمی گیانی لەدەست داوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەو رووداوە بە هەواڵنێری كوردپای راگەیاندووە كە هەتا ئێستا هۆكاری تەقە كران و بریندار كردنی لەلایەن هێزی ئینتزامییەوە روون نەبۆتەوە و هیچ بار و كەلوپەلێكیشی پێ‌ نەبووە و تەقەی لێكراوە و ماشینەكەشی بە تەواوەتی سووتاوە.

برایەكی دیكەی ئەو هاووڵاتییە كوردە بەناوی داوود كووهی ساڵی پار بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئێران \"نخاع\"ی پچڕاوە و ئیفلیج بووە.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٣٠ هاووڵاتیی کورد لەناو جادەکانی کوردستان لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە تەقەیان لێکراوە و بوونەتە قوربانی.

لە کۆی ئەو رێژەیە ٢٠ هاووڵاتی کوژراون و ١٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.