هاووڵاتییەک پاش لێپرسینەوە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا، ئازاد کرا

10:58 - 15 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سابیر کاڕەشی"، تەمەن ٣٥ ساڵ، کوڕی "کەریم"، خەڵکی گوندی "میرئاوا"ی شاری بۆکان، پاش ٤٨ کاتژمێر لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی ٧ی خەزەڵوەر، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان کرا و بۆ ماوەی ٤ کاتژمێر لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بانگهێشت و بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو.