هاووڵاتییەک پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیتلاعاتی شنۆ دەسبەسەر کرا

11:40 - 14 گەلاوێژ 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەک بە ناوی "کازم تابناک" کوڕی محەممەدئەمین خەڵکی گوندی "سینگانـ"ـی شاری شنۆ، پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان بردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و پاش پشکنینی ماڵەکەی لە دەسبەسەرکردنی ناوبراو سەرکەوتوو نەبوونه.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو هێزە ئەمنییەتییەکان دواتر لە ڕێگای تەلەفوونەوەی کازم تابناک بانگهێشت و دەسبەسەری دەکەن.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی دژی ئەو هاووڵاتییە زانیارییەک بەدەست نەهاتووە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی گەلاوێژ، لاوێکی کورد بە ناوی "هێدی شادی‌خا" خەڵکی گوندی "سینگان"ی شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.