هاووڵاتییەک پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیتلاعات، دەسبەسەر کرا

21:52 - 5 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، دەسبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ٢٩ی پووشپەڕ، هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش بانگهێشتکردنی هاووڵاتییەک بە ناوی \"عەبدوڵڵا وەیسی\"، تەمەن ٤٤ ساڵ، خەڵکی گوندی \"گوڵچێر\"ی شاری مەریوان، ناوبراویان دەسبەسەر کرد.

سەرەڕای تێپەڕینی یەک حەوتوو بە سەر دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

دەوترێت، هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەم هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کردووە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، خێزاندار و خاوەنی سێ منداڵە.