هاووڵاتییەک: هێزە نیزامییەکان لەسەردەشت لاوێکیان کوشت و تەرمەکەیان بە ماشێن راکێشا

15:29 - 15 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ناوچەی سەردەشت پاش ئەوەی لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە کوژرا، بە مەودای دوو کیلۆمیتر تەرمەکەیان بە شوێن ماشێندا راکێشا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار؛ شەوی رابردوو هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ تەقەیان لە ماشێنی هاووڵاتییەک بەناوی \"سامان خزری\" ناسراو بە \"سووری\" کردووە و ناوبراو گیانی لەدەست داوە.

ئەو سەرچاوەیە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ هێزە نیزامییەکان تەرمی ئەو لاوە تەمەن ٢٦ ساڵەیە، لە کاتێکدا جلوبەرگیشی لەبەر داکەندرابوو، لەشوێنێک بەناوی \"خڕی شیوە کودوو\" فڕێ داوە.

سامان سووری، کە کوڕی وەستا رەحمانی نەڵاسی سەربە شاری سەردەشت بووە، ماوەی چەند مانگێک پێش ئێستا ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو.

دەگوترێت کوژرانی بێ بەزەییانەی سامان سووری نیگەرانی و ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی ناوچەی سەردەشتی لێکەوتۆتەوە و خوازیاری سزادانی بکوژانی ئەو لاوە کوردە بوون، بەڵام هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هێزە نیزامییەکان وەڵامی هیچ کەسێکیان نەداوەتەوە.