هاووڵاتییەک: ناوەندە حکوومەتییەکان ئێمە وەک هاووڵاتی ئەژمار ناکەن + وێنـــە

14:49 - 11 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی شاری ورمێ بەهۆی هەژارییەوە لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتیی ئەو شارەوە پشت گوێ خراون و لە هەموو ئیمکاناتی ژیان بێبەرین.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، گەڕەکی وەکیل ئابادی شاری ورمێ کە بە هەژارنشین‌ترین گەڕەکی ئەو شارە ئەژمار دەکرێت، ماوەی چەندین ساڵە بەدەست کەمتەرخەمیی بەرپرسان سەبارەت بە کێشە و گرفتەکانیانەوە دەناڵێنن.

یەکێک لە دانیشتوانی ئەو گەڕەکە بە ماڵپەڕی \"ورمێ\"ی رایگەیاندووە، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا چەندین جار سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانمان لە شاری ورمێ کردووە، بەڵام هیچ هەوڵێک لە پێناو چارەسەریی گرفتەکانی ئێمەدا هەڵنەگیراوە.

ئەو هاووڵاتییە راشیگەیاندووە، \"ناوەندە حکوومەتییەکان دانیشتوانی ئەم گەرەکەی ئێمە بە هاووڵاتی ئەژمار ناکەن؟ ئایا ئەم گەڕەکەی ئێمە بەشێک لە شار نییە؟ بۆچی دەبێ لە کەمترین مافی هاووڵاتی بوون بێبەری بین؟ تاوانی دانێشتوانی ئەم گەڕەکەی ئێمە چییە؟

لەلایەکی دیکەوەو سەرەڕای ئەوە کە زۆربەی کۆڵانەکانی ئەو گەڕەکە قیرتاو نەکراون، هێلی برقی \"فشار قوی\" لە کۆڵانەکانی ئەو گەڕەکەوە تێپەڕ دەبێت و ئەمەش بەردەام هەڕەشە لە گیانی منداڵان دەکات و بۆتە مۆتەکەیەک لای دانیشتوانی گەڕەکی وەکیل ئابادی ورمێ.

ئەوەش لە حاڵێک دایە کە ئیدارەی برق ماوە بە ماوە بە دانێشتوانی ئەو گەڕەکە رادەگەیەنێت، بەهۆی تەعمیری هێڵی برق دەبێ ٣ هەتا ٤ رۆژ ماڵەکانتان جێ بهێڵن و لە ئەگەری تووشبوون بە هەر رووداوێکی برق گرتووی تەنیا خۆتان بەرپرسیار دەبن.

ئەو هاووڵاتییە ئەوەشی خستۆتەڕوو، بەهۆی ئەوە کە زۆربەی دانیشتوانی گەڕەکی وەکیل ئاباد بەهۆی بێ ئیمکاناتییەوە ماڵەکانیان بەجێ هێشتووە، رێژەیەکی بەرچاو لە گیرۆدەبوان بە ماددەی هۆشبەر روویان لەم گەڕەکە کردووە، ئەو تووشبوانەش زۆر بە ئاسایی لەبەر چاوی منداڵانی ئەم گەڕەکە ماددەی هۆشبەر بەکار دێنن.

\"13043.jpg\"

\"13038.jpg\"

\"13039.jpg\"

\"13040.jpg\"

\"13041.jpg\"

\"13042.jpg\"