هاووڵاتییەک: ناوەندی دەرمانیی پیراشار، بۆخۆی سەرچاوەی نەخۆشییە+وێنە

15:36 - 24 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: لە کاتێکدا پەرەپێدان و چۆنیەتیی پێڕاگەیشتنی دەرمانی و تەندروستی یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی وەزارەتی بێهداشت و تەندروستییە، هاووڵاتییانی پیرانشار بەدەست نەبوونی شوێنێکی تەندروست و خاوێنەوە وەزاڵە هاتوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماوەی چەندین ساڵە \"ناوەندی دەرمانی\"ی پیرانشار (کۆنەخانێ) لە خانوویەکی کۆن و بێ ئیمکاناتدا کاری دەرمانی و پشکنین بۆ هاووڵاتییانی شارەکە ئەنجام ئەدات و ئەمەش ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی بەدواوە بووە.

بە گوتەی یەکێک لە دانیشتوانی پیرانشار، سەرەڕای زیادبوونی حەشیمەتی شارەکە، لە چەند ساڵ پێش ئێستاوە، ناوەندی دەرمانیی پیرانشار لە خانوویەکی بچووکدایە و لەگەڵ ئەوەشدا ٥ پێرسونێل و کارمەندی هەیە.

بەپێی ئامارەکان، کۆنەخانێ ١٨ هەزار کەس حەشیمەتی هەیە و لە ناوەندی دەرمانییەکەیدا هیچ ئیمکاناتێکی خزمەتگوزاری بوونی نییە و تەنانەت هاووڵاتییان لە کاتی سەردان و چاوەڕوان بوون بۆ چاوپێکەوتنی پزیشک، بەهۆی نەبوونی کورسی (سەندەڵی) دەبێ لەسەر زەوی دابنیشن.

\"ناوەندەکانی تەندروستی (مراکز بهداشت)، کە دەبێ خزمەتگوزاریی دەرمانی پێشکەش بە ژنان بکەن، بە پێچەوانەوە ژنان لە ناوەندی دەرمانیی کۆنەخانێ بە دەست نەبوونی دەواو دەرمانی پێویست و شوێنێکی شیاو و خاوێنەوە دەناڵێنن.

بەپێی ئایین‌نامەی بێهداشتی دەوروبەر (محیط)، کۆنتڕۆڵ کردنی باری بێهداشتی تەندروستیی شوێنە گشتییەکان و شوێنی ژیانی هاووڵاتییان سەرەکی‌ترین ئەرکی وەزارەتی بێهداشت و تەندروستییە، بەڵام ئەوە لە کاتێکدایە، کە دەورووبەری ناوەندی دەرمانیی کۆنەخانێ بە زبڵ و پاشماوە تەندراوە.

هەروەها بەپێی ماددەی ٢ی ئایین‌نامەی وەزارەتی بێهداشت، هەر شتێک کە ببێتە هۆکاری هەرەشە بۆ تەندروستی و هاووڵاتییان، وەزارەتی بێهداشت و دەرمان بەپێی ئەرکی خۆی دەبێ پاش تەشخیسی ئەو حاڵەتانە هەڵوێستی یاسایی بگرێتە بەر و سەرپێچیکارانی یاسای وەزارەتی بێهداشت دەبێ سزا بدرێن.
\"22093.jpg\"

\"22097.jpg\"

\"22095.jpg\"

\"22096.jpg\"