هاووڵاتییەک لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە کامیاران دەسبەسەر کرا

11:30 - 13 بانەمەڕ 2721

ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی خاکەلێوە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "فارۆق قازی"، تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی گوندی "کۆرەرە" سەر بە کامیاران، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

ئەو هاووڵاتییە، لە ماڵەکەی خۆیدا بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

فارۆق قازی، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی"، بێبەری کراوە.

سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو، هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون لەمبارەیەوە خۆ دەبوێرن.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی فارۆق قازی زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.